Skip to main content

بازرگانی کردن بە مرۆڤ چییە؟

بازرگانی کردن بە مرۆڤ شێوەیەکی کۆیلایەتی مۆدێرنە. ئەمە تاوانێکە کاتێک کەسێک کەسێکی تر دەچەوسێنێتەوە بۆ بەدەستهێنانی پارە لە بەرژەوەندی خۆی. ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤ دەکەن سوود لە بارودۆخی لاوازی قوربانییەکانیان وەردەگرن تاوەکو کۆنتڕۆڵیان بکەن. زۆرجار توندوتیژی جەستەیی یان دەرونی بەکاردەهێنن و ئازادی قوربانییەکە سنووردار دەکەن.  ئەوان هەروەها ڕێگری دەکەن لە سەربەخۆیی بارودۆخی دارایی قوربانییەکان (بۆ نمونە لەبارەی نیشتەجێکردن، خواردن. بەڵگەنامەکان) و/یان بەسادەیی ئەو کەسانە مامەڵەی خراپ لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەن کە لە بارودۆخێکی لاوازدان. بازرگانیکار بە مرۆڤ دەکرێ لە تۆڕێکی تاوان کارەکانیان ئەنجام بدەن، بەڵام هەروەها دەشکرێ بە تەنیا کاربکەن.

بازرگانیکار بە مرۆڤ دەتوانن دەست لە هەموو کەسێک بدەن: گەوران و منداڵان، نێر، مێ و ڕەگەز گۆڕاو (نێرەموک)؛ لە هەموو نەتەوەیەک (بەلجیکی، یەکێتی ئەوڕوپا EU، و دەرەوەی یەکێتی ئەوڕوپا). دەکرێ تۆش ببیتە قوربانی یان بوویتە قوربانی!

Header-image-masked.png

بازرگانی کردن بە مرۆڤ دەکرێ چەندین شێوەی هەبێت:

چەوساندنەوەی سێکسی

قوربانییانی چەوساندنەوەی سێکسی پێویستە خزمەتگوزاری سێکسی پێشکەش بکەن تاوەکو پارە پەیدابکەن بۆ ئەو کەسەی دەیچەوسێنێتەوە. چەوسێنەرەکە دەکرێ هێز و فێڵ و بڕواپێکردن بەکاربهێنێت بۆ سەر قوربانییەکە بەوەی بەڵێنی پێدانی کاڵا و پارە و ژیانێکی باشتری پێ دەدات. ئەمە تەنیا لە حاڵەتی لەشفرۆشی ڕوونادات، بەڵکو هەروەها لە پیشەسازی پۆڕن و خزمەتگوزارییەکانی پاسەوانی و لەسەر ئینتەرنێتیش ئەنجام دەدرێت.

چەوساندنەوەی کارکردن

قوربانییەکان دەبێ کاربکەن لە بارودۆخێکدا کە دژیەکە لەگەڵ کەرامەتی مرۆڤ: کاتژمێری زۆر بۆ بڕێکی کەم یان بەبێ پارە لە بارودۆخی خراپدا. ئەوانە زۆربەی جار بەتەنهان و/یان پشت بە خاوەن کارەکەیان دەبەستن بۆ خواردن و نیشتەجێکردن و دەستگەیشتن بە چاودێری تەندروستی و/یان پەیوەندی کۆمەڵایەتی. قوربانییانی چەوساندنەوەی کارکردن دەدۆزرێنەوە لە هەموو سێکتەرەکانی کارکردن، (چێشتخانەکان، کشتوکاڵ، بنیادنان، و چەندانی تر).

تاوانی زۆرەملێ

قوربانییانی تاوانی زۆرەملێ ناچارکراون کە تاوان ئەنجام بدەن دژیەک لەگەڵ خواست و ویستی خۆیان، بۆ بەرژەوەندی و قازانجی کەسێکی تر. چەوسێنرەکە هەڵدەستێ بە بەکارهێنانی توندوتیژی و فێڵکردن و ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و قەرز بۆ دەست بەسەرداگرتنی قوربانییەکانی و بۆئەوەی ناچاریان بکات کرداری نایاسایی ئەنجام بدەن. ئەمەش زۆرجار لە باندی گەنجەکان ڕوودەدات.

چەوساندنەوە بە سواڵکردن

قوربانییەکان دەبێ سواڵ بکەن بۆ قازانج و بەرژەوەندی چەوسێنەرەکە، کە زۆرجار ئەمە ئەندامێکی خێزانە، یان ئەندامێکی خێڵەکەیە یان تۆڕێکە. ئەوان لەژێر کۆنتڕۆڵ و فشاری بەردەوامدان و تووشی توندوتیژی و هەڕەشە دەبنەوە ئەگەر بڕەپارەی پێویست کۆنەکەنەوە.

دەرهێنانی ئەندامی لاشە بە نایاسایی

قوربانییەکان دەچەوسێندرێنەوە لەڕێگەی ئەندامی لاشەیان. چەوسێنەرەکان فێڵیان لێ دەکەن و ڕازییان دەکەن بە 'فرۆشتنی' ئەندامی لاشەیان بۆ بڕەپارەیەکی کەم، ئەمیش لەڕێگەی بەڵێندانی ناڕاست و/یان توندوتیژی، و پارەیەکی یەکجار زۆر بەدەست دەهێنن کاتێک دووبارە دەیفرۆشنەوە.

چی ڕوودەدات کاتێک پەیوەندیمان پێوە دەکەیت؟

ئێمە گوێت لێ دەگرین

بەیەکەوە هەڵدەستین بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخ و داواکاریت. ئەگەر لە هەڵسانگاندندا دەربکەوێت کە تۆ ڕەنگە بوویتە قوربانی بازرگانی کردن بە مرۆڤ، ئەوا بانگهێشتت دەکەین بۆ سەنتەرێکی چاودێری ناوخۆیی بۆئەوەی زیاتر لەبارەی بارودۆخت بزانین.

 ئەگەر هەڵسەنگاندن بکەین کە بارودۆخی تۆ بازرگانی کردن بە مرۆڤ نییە، ئەوا باشترین هەوڵی خۆمان دەدەین تاوەکو ڕێکخراوێک بدۆزینەوە کە بەباشترین شێوە یارمەتیت بدات.

قسەت لەگەڵدا دەکەین

لەکاتی بەڕێوچوونی چاوپێکەوتنەکەدا لە نوسینگەکەماندا، زیاتر قسەت لەگەڵدا دەکەین، ئەگەر ئەوە ڕوونبوویەوە کەوا تۆ قوربانی بازرگانی بە مرۆڤیت، ئەوا هەموو شتێکت بۆ ڕووندەکەینەوە لەبارەی مافەکانت و لەبارەی پاڵپشتی و ڕێکارەکانی پاراستنی قوربانی.

پاڵپشتیت پێشکەش دەکەین

دوای ئەمە تۆ بژاردەت دەبێت بەوەی دەتەوێت چی بکەیت: دەتوانی ئۆفەری ئێمە قەبوڵ بکەیت تاوەکو داخڵی ڕێکاری پاراستن ببیت، بەڵام دەتوانی بڕیار بدەیت کە داخڵی نەبیت. لەم حاڵەتەدا، ئێمە ناتوانین پاڵپشتیت بکەین، بەڵام باشترین هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ دۆزینەوەی ڕێکخراوێکی تر کەوا ڕەنگە بتوانێ ئەو پاڵپشتییەت پێ بدات کە بەدوایدا دەگەڕێیت.

ئایا ئەمە بازرگانی کردنە بە مرۆڤ؟

ئەگەر دڵنیانیت کە ئایا بارودۆخێک بازرگانی کردنە بە مرۆڤ یاخود نا، ئەم پرسیارانە یارمەتیت دەدەن لە زانینی ئەمە:

  • ئایا زۆرت لێ کراوە شتێک بکەیت کە ناتەوێ بیکەیت؟
  • ئایا بۆ چەندین کاتژمێری زۆر کاردەکەیت بۆ پارەیەکی کەم یان بەبێ پارە؟
  • ئایا زۆرت لێ دەکرێت کە کاربکەیت لەوکاتەی نەخۆشیت یان برینداریت؟
  • کەسێک هەڕەشەت لێ دەکات، خێزانەکەت یان ئازیزانت؟
  • کەسێک کۆنتڕۆڵت دەکات و چاودێری جووڵەکانت دەکات؟
  • کەسێک پاسپۆرت و بەڵگەنامەی ناسنمەی (ID) بردوویت؟
  • ئایا وا هەست دەکەیت کە لەم بارودۆخەدا چەقیویت و وا بیردەکەیتەوە کە هیچ ڕێگەچارەیەکی تر نییە؟

 

ئەگەر وەڵامت بەڵێ بێت بۆ 2 یان زیاتری ئەم پرسیارانە، دەکرێ تۆ قوربانی دەستی بازرگانی کردن بە مرۆڤ بیت. دوودڵ مەبە لە پڕکردنەوەی فۆڕمەکە یان لە پەیوەندی کردن. ئێمە باشترین هەوڵی خۆمان دەدەین تاوەکو یارمەتیت بدەین لە دۆزینەوەی چارەسەرێک.

یارمەتی لە نزیکی خۆت بدۆزەرەوە

تۆ کێی؟

لە بەلجیکا 3 سەنتەری چاودێری تایبەتمەند هەن بۆ پاڵپشتی قوربانییانی دەستی بازرگانی کردن بە مرۆڤ: PAG-ASA, PAYOKE, SÜRYA. بەیەکەوە کاردەکەین بۆ یارمەتیدانی قوربانییانی بازرگانی کردن بە مرۆڤ، ئەوانەی بازرگانییان پێ کراوە و چەوسێنراونەتەوە لە بەلجیکا. ئێمە هەڵدەستین بە پێشکەش کردنی ئامۆژگاری و زانیاری و پاڵپشتی بۆ چاکبوونەوە لە چەوساندنەوە و بەدەستهێنانەوەی کۆنتڕۆل بۆسەر ژیانی خۆیان، و ئازاد ببن لە بازرگانی کردن بە مرۆڤ.

ئێمە ئەم کارە ئەنجام دەدەین لەچوارچێوەی ڕێکاری پاراستنی بەلجیکی بۆ قوربانییانی دەستی بازرگانی کردن بە مرۆڤ.

خزمەتگوزارییەکانی ئێمە بێ بەرامبەرن و نهێنین. ئەگەر دەتەوێ قسە لەبارەی بارودۆخت بکەیت بەشێوەیەک کە ناسنامەت ئاشکرا نەبێت، ئەمە دەکرێ و گونجاوە: پێویست ناکات ناوی خۆت بڵێیت.

پاڵپشتی ئێمە بۆ قوربانییان

  • پەناگە و نیشتەجێکردن

    هەموو سەنتەرێکی چاودێری ناوخۆیی پەناگەیەکی هەیە بۆ نیشتەجێکردنی لەناکاو. ئەمەش دەکەوێتە ناونیشانێکی جیا بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی قوربانییان. لێرەدا قوربانییان پەناگەیەکی سەلامەت دەدۆزنەوە بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی چاکبوونەوەیان. دوای مانەوەیەکی کەم لە پەناگەکەدا، دەتوانین یارمەتی پێشکەش بکەین لە دۆزینەوەی شوێنی نیشتەجێکردن لەڕێگەی بەکرێگرتنی شوقە.

  • پاڵپشتی کۆمەڵایەتی

    ئێمە هەڵدەستین بە دابینکردنی پاڵپشتی کۆمەڵایەتی بۆ هەموو قوربانییان بەگوێرەی پێداویستی خۆیان، تاوەکو یارمەتییان بدەین لەوەی دووبارە متمانەیان بۆ بگەڕێتەوە و ژیانێکی نوێ بنیادبنێن. بەگوێرەی بارودۆخیان، ئێمە یارمەتییان دەدەین لەبارەی نیشتەجێکردن، چاودێری پزیشکی، خوێندن، دامەزراندن (کارکردن)، خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی، چاودێری تەندروستی مێشکی، و هەر بوارێکی تری ژیانی کەسەکە.

  • پاڵپشتی یاسایی

    ئێمە هەڵدەستین بە دابینکردنی یارمەتی یاسایی بۆ پاڵپشتی کردنی هەموو قوربانییان لە ڕێڕەوی بەدەستهێنانی دادوەری و لە هەماهەنگی کردنیان لەگەڵ سیستەمی دادگەری لە بەلجیکا.

  • پاڵپشتی کارگێڕی

    ئێمە پاڵپشتی قوربانییان دەکەین بۆ ڕێکخستنی پەڕاو و بەڵگەنامەکانیان، بۆ بەرەوپێش بردنی هەنگاوە کارگێڕییەکان کە پێویستە ڕێکبخرێن لە بەلجیکا.

یارمەتی بەدەست بهێنە. بێ بەرامبەر و نهێنی

یارمەتی بەدەست بهێنە. بێ بەرامبەر و نهێنی

لە حاڵەتی مەترسی لەناکاو، تکای پەیوەندی بکە بە پۆلیس 101

بۆ وەرگرتنی یارمەتی و ئامۆژگاری، فۆرمی ئێمە پڕبکەوە. ڕاوێژکارێکی کارامە و ڕاهێنراو لە سەنتەری چاودێری ناوخۆیی لە ڕۆژی کارکردنی دواتردا پەیوەندیت پێوەدەکات. ئەگەر وات پێ باشترە کە قسە لەگەڵ کەسێکدا بکەیت، دەتوانی پەیوەندی بکەیت یان سەردانمان بکەیت لەماوەی کاتەکانی کرانەوەی نوسینگەمان. تکایە سەنتەرێکی چاودێری ناوخۆیی لە نزیکی خۆت بدۆزەوە.

پاڵپشتی ئێمە بێ بەرامبەر و نهێنییە، تەنانەت ئەگەر پەڕاوی نیشتەجێبوونیشت نەبێت.

یارمەتی بەدەست بهێنە. بێ بەرامبەر و نهێنی

لە حاڵەتی مەترسی لەناکاو، تکای پەیوەندی بکە بە پۆلیس 101

بۆ وەرگرتنی یارمەتی و ئامۆژگاری، فۆرمی ئێمە پڕبکەوە. ڕاوێژکارێکی کارامە و ڕاهێنراو لە سەنتەری چاودێری ناوخۆیی لە ڕۆژی کارکردنی دواتردا پەیوەندیت پێوەدەکات. ئەگەر وات پێ باشترە کە قسە لەگەڵ کەسێکدا بکەیت، دەتوانی پەیوەندی بکەیت یان سەردانمان بکەیت لەماوەی کاتەکانی کرانەوەی نوسینگەمان. تکایە سەنتەرێکی چاودێری ناوخۆیی لە نزیکی خۆت بدۆزەوە.

پاڵپشتی ئێمە بێ بەرامبەر و نهێنییە، تەنانەت ئەگەر پەڕاوی نیشتەجێبوونیشت نەبێت.

لەگەڵ پاڵپشتی تیمی دادوەری